قائیمقامێکى خانەنشین 20 مانگە موچەى وەرنەگرتووە
خانەنشینانى سلێمانى گردبوونەوە؛ سێ داواکاریان هەیە
رازاو محەمەد- سلێمانى
ئەمڕۆ خانەنشینانى سلێمانى دژى دواکەوتنى موچەکانیان گردبوونەوە و سێ داواکاریشیان هەیە کە سەرجەمى پەیوەستە بە موچەکانیانەوە، یەکێک لە قائیمقامە خانەنشینەکانیش دەڵێت: ژمارەى پێوانەییم شکاندووە، چونکە 20 مانگە موچەم وەرنەگرتووە.
سادق عوسمان، وتەبێژى یەکێتى خانەنشینان بۆ 964 باسى لەو سێ داواکارییە کرد کە ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان بۆى کردووە کە ئەمانەن:
یەکەم: لە دابەشکردنى موچەدا، موچەى خانەنشینانى بەغدا و هەرێم هاوتا بکرێت، واتا لەیەک کاتدا وەرى بگرن.
دووەم: هەندێ لە خانەنشینان بەهۆى دواکەوتنى مامەڵەکانیان موچەکانیان دواکەوتووە، بەشێوەیەک لە سلێمانى زیاتر لە 3 هەزار خانەنشین ژمارەیەک موچەیان فەوتاوە.
سێیەم: پێویستە ئەوانەى لەدواى 1.1.2025ـەوە خانەنشین بوون، پێویستە پاداشتیان پێبدرێت، کە بڕیاربوو لە 2025ـەوە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لاى خۆیەوە، کەمال سەعید، قائیمقامى خانەنشینى قەرەداغ کە یەکێک بوو لەو کەسانەى بەشدارى گردبوونەوەکەى کرد، بۆ 964 وتى،”ژمارەى پێوانەییم شکاندووە، چونکە رەنگە یەکەم خانەنشین بم کە 20 مانگە موچەم وەرنەگرتووە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح