وەزیری تەندروستی و وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی سەردانی ماڵی ئادەم چیایان كرد
دوو وەزیر سەردانی ماڵەكەیان كرد
پەلی دەستكرد و كورسی بۆ “ئادەم چیا” دابین دەكرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەریەكە لە وەزیری تەندروستی و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی كوردستان سەردانی ماڵی ئەو منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەیان كرد لە هەولێر، كە ناوی ئادەم چیایە و لە رۆژانی رابردوو لە خۆپێشاندانەكانی پاڵپشتی لە رۆژئاوای كوردستان بە شێوەیەكی جیاواز دەركەوت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 1.2.2026 هەریەكە لە وەزیران سامان بەرزنجی و كوێستان محەمەد سەردانی ماڵی “ئادەم چیا”یان كرد، كە تەمەنی نۆ ساڵە و لە رەوشی تەندروستی و گرفتە زگماکییەکەی وەک خاوەن پێداویستی تایبەتیان پرسی.
وەزیری تەندروستی بڕیاری دروستکردنی پەلی دەستکرد و دابینکردنی کورسی گەڕۆکی کارەبایی بۆ ئادەم دا، هەروەها ئامادەیی بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەکی دیکەی پێویست بۆ ئەو كوڕە كوردە دەربڕی، هەروەک لە راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دیاری پێداویستیی قوتابخانە و قەڵغانی رێز و ستایشی پێشکەش بە قوتابییەكە كرد و بە ژیر و ورەبەرز وەسفیان كرد.
ئادەم چیا ئەو منداڵەیە لە رۆژانی رابردوو لە خۆپێشاندانەكانی پاڵپشتی لە رۆژئاوای كوردستان بە گوڕوتین و حەماسەوە دەردەكەوت و ئاڵای كوردستانیشی بەردەوام وەك بەرگێک بەسەر شانیدا دابوو، پێشتریش وەزیری پەروەردەی كوردستان بڕیاری دا وێنەی ئادەم بخرێتە سەر بەرگی كتێبی كوردی بۆ وەرزی داهاتووی خوێندن لە كوردستان.