"500 رۆژ بۆ تەواوکردن دیاری کراوە"
دوای ساڵێک داڕمان نۆژەنکردنەوەی پردی سەرەکی خورماتوو دەستیپێکرد
سیروان خورشید – خورماتوو
دوای نزیکەی ساڵێک لە داڕمانی بەهۆی لافاوەوە، ئەمڕۆ بەفەرمی دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی پردی سەرەکیی خورماتوو، کە وەک دەروازەیەکی سەرەکی و ستراتیژی، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەبەستێتەوە.
ئەندازیار حسێن حەیدەر، بەڕێوەبەری رێگاوبانەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، “تیمەکانمان لە ئێستادا کارکردنیان لە یەکێک لە دیوەکانی پردەکە دەستپێکردووە، سەرەتای قۆناغی جێبەجێکردن بریتی دەبێت لە رووخاندن و لابردنی ئەو بەشانەی ماونەتەوە، پاشان دەستدەکرێت بە دروستکردن و بنیادنانەوەی پردێکی نوێ بە شێوازێکی مۆدێرن، بۆ تەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی ئەم پرۆژەیەش، ماوەی 500 رۆژ دیاری کراوە.”
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی پردەکە، بەڕێوەبەری رێگاوبانەکانی خورماتوو ئاماژەی بەوە کرد کە درێژیی پردەکە 576 مەتر و پانییەکەی 17 مەتر دەبێت؛ بەمەش رێگەیەکی فراوان بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگر و تایبەتەکان دابین دەکات و توانای بەرگەگرتنی لۆدی زۆری هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێم و عێراقی دەبێت.
جێی ئاماژەیە، پێشتر و دوای داڕمانی نیوەی پردەکە، هاتوچۆکردن تەنیا بە یەک دیودا ئەنجام دەدرا، ئەوەش ببووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر، دروستبوونی مەترسی لەسەر بەشەکەی دیکە و دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.
لەبارەی تێچووی پرۆژەکەوە، ناوبراو ئاشکرای کرد: “لە ئێستادا ناتوانین ژمارە و تێچووی خەملێنراوی پرۆژەکە ئاشکرا بکەین، بەو پێیەی پێشتر لە حاڵەتی هاوشێوەدا هەندێک لێدوان و گومان لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروست بووە؛ بۆیە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە هەر قسەوباسێک، وردەکاریی تێچووەکە بە نهێنی هێڵدراوەتەوە.”
پێداچوونەوە: پەری ساڵح