بۆ ئەمپێرێک 10 هەزار دینار وەردەگرن

مۆلیدەکانی هەولێر بۆ دوو مانگ هەڵدەکرێنەوە

شۆڕش قادری

مۆلیدەکانی هەولێر بۆ دوو مانگ هەڵدەکرێنەوە و بۆ هەر ئەمپێرێکیش کارەبا 10 هەزار دینار وەردەگرن.

ئەمڕۆ دوای وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر و پچڕانی کارەبای نیشتمانی، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان دانیشتوون و خشتەیەکیان بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان داناوە.

ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ گشت خاوەن مۆلیدەکانی  ناوشار و قەزا و ناحیەکان دەڵێت، کارکردنی مۆلیدەکان 24 سەعاتی دەبێت، لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتیمانی  بۆ  165 کاتژمێر، کارپێکردنی مۆلیدەکان، 10 هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر کۆدەکرێتەوە بۆ ماوەی دوو مانگ.

ئەنجومەنەکە داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا هەر مۆلیدەیەک لەکاتی کوژانەوەی کارەبای نیشتمانی هەڵی نەکرد، با پەیوەندی بە ئەنجومەنەکەوە بکەن و شکاتی لێ بکەن.