"مەجبورى خۆم دەبیتەوە"
زیرەکى دەستکرد شکستى هێنا؛ فۆرد مەجبوریى ئەندازیارە کۆنەکانى دەبێتەوە
وریا فەتاح
گۆرانییەکى هەردى سەلامى هەیە کە دەڵێت”مەجبورى خۆم دەبیتەوە لێى گەڕێن با بڕوات”، ئەمە رێک بۆ کۆمپانیاى فۆرد و ئەندازیارە کۆنەکانى راستە، چونکە کۆمپانیاکە دواى دورخستنەوەى ئەو ئەندازیارانە، زیرەکى دەستکردى خستە شوێنیان، بەڵام زیرەکی دەستکرد نەیتوانى سەرکەوتوو بێت و جێگەى ئەندازیارەکانى بۆ پڕبکاتەوە، بۆیە مەجبوور بووە، 300 ئەندازیارى کۆن بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان.
پێشتر کۆمپانیاکە لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و خێراکردنی کارەکان، پشتی بە تەکنەلۆژیا بەستبوو، تەنانەت 900 کامێرای بەهێزکراو بە زیرەکی دەستکرد (AI) لە کارگەکانیدا جێگیر کردبوو بۆ پشکنینی کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام بەرپرسانی فۆرد دەڵێن، تەکنەلۆژیاکە نەگەیشتە ئاستی چاوەڕوانییەکانیان.
چارڵز پوون، یەکێک لە بەرپرسانى کۆمپانیاکە بە رۆژنامەنوسانى وتووە،”وامانزانی تەنیا بە هێنانی زیرەکی دەستکرد دەتوانین بەرهەمێکی کوالێتی بەرز دروست بکەین، هەرچەندە زیرەکی دەستکرد ئامرازێکی نایابە، بەڵام تەنیا ئەو کاتە باشە کە زانیاری دروستی پێبدەیت بۆ راهێنان”.
وەک ئەوەى چارلز باسى کردووە، ئامرازە ئۆتۆماتیکییەکان ئەو شارەزاییەیان نەبوو کە تەنیا لای تەکنیکارە دێرینەکان دەستدەکەوێت، بۆیە ناچاربوون زیاتر لە 300 ئەندازیاری دێرین بگەڕێننەوە.
“ئەو ئەندازیارە کۆنانەی گەڕێنراونەتەوە، ئێستا کاریان ئەوەیە سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد رابهێنن، هەروەها ببنە راوێژکار بۆ کارمەندە گەنجەکان”، بەرپرسەکەى فۆرد واى وت.
روونیشى کردووەتەوە، بەهۆی ئەم “نوێکردنەوەیەی بەهرەکان” و گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ناو پڕۆسەی چاودێری، فۆرد دوای 14 ساڵ (واتە لە ساڵی 2010ـەوە) جارێکی دیکە گەڕایەوە پلەی یەکەم لە ریزبەندی (JD Power) بۆ کوالێتی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا.
ئەم پاشەکشەیەی فۆرد لە بەکارهێنانی رەهای تەکنەلۆژیا لە کاتێکدایە، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا جیم فارلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فۆرد رایگەیاندبوو کە “زیرەکی دەستکرد زۆرێک لە فەرمانبەران بێکار دەکات”، بەڵام وا دیارە هێشتا مێشکی مرۆڤ و ئەزموونی دەیان ساڵە، بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلێکی بێ کێشە پێویستییەکی حەتمییە.