سەرەڕای ئاگربەست و لێکگەیشتن
سوپای سوریا هێرشی درۆنی و جوڵەی زەمینی بۆ دەوروبەری کۆبانی ئەنجامداوە
فەرهاد حەسەن
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەڵێت، سەرەڕای ئاگربەست و لێکگەیشتن کەچی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لەلایەک هێرشی درۆنی لەلایەکی دیکەش جوڵەی سەربازی لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ ئەنجامدەدەن.
بەپێی راگەیاندراوێکی (هەسەدە)، شەوی رابردوو بە حەوت درۆنی خۆکوژ هێرشیانکردوەتە سەر گوندی “باقلە” لە باشوری چل ئاغا، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە، چەکدارەکان لە رۆژئاوای کۆبانێ دەستیان بە جوڵە کردوە و هێرشیانکردوەتە سەر گوندەکانی “قاسمە” و “زەرکوتک” و دەوروبەری گوندی “سەفا”یشیان تۆپبارانکردوە.
دەڵێت “ئەوە هەنگاوێکی مەترسیدارە و نیشانەی بەردەوامیی ئەو گروپانەیە لە پەرەپێدانی گرژییەکان”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەم هێرشانە بە پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ڕێککەوتنی راگرتنی شەڕ و بەزاندنی راستەوخۆی لێکگەیشتنەکان دادەنرێت، ئەوەش ئاستی گرژییەکان بەرزدەکاتەوە و هێزەکانمان ناچار دەکات مافی خۆیان لە بەرگریکردن لە شەڕڤانان و گەلەکەیان بەکاربهێنن.