ماتۆڕ و مۆبایل دزراون
دوو کەس بەتۆمەتی دزیکردن لە سلێمانی دەستگیرکران
ژووری هەواڵ
لە دوو چالاکی جیادا و بەتۆمەتی دزیکردن دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیرکران و بە قسەی پۆلیسی ئەو شارە، یەکیان مۆبایل و کەلوپەلی کارەبایی دزیوە و تۆمەتبارەکەی دیکەش لەگەڵ خوشکێکیدا بەناوی دەرۆزەکردنەوە دزی لە چەند ماڵێک کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو چالاکی جیادا و بەتۆمەتی دزیکردن دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەکرد، لەسەر دزینی ماتۆڕسکیلێک و چەند موبایلێک و هەندێک کەلوپەلی کارەبایی، لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد سکاڵا تۆمار کراوە و دواتر بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردوە و زانیاری پێویست بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار کۆکراوەتەوە، لە ئەنجامدا توانرا تۆمەتبار دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە و لە ماڵەکەیدا دەستگیراوە بەسەر موبایل و کەلوپەلە کارەباییەکاندا.
بە وتەی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبار (یـ، ف، أ) لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
هەر لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، لە چالاکییەکی دیکەدا لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی شارەزوور تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە لە ماڵی سکاڵاکاردا لە سلێمانی بڕێک پارەی دزیبوو، ئێستاش تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لەیاسای سزادان راگیراوە.
پۆلیسی سلێمانی وتیشی، دوای لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە کە تۆمەتبار لەگەڵ خوشکێکیدا بەناوی دەرۆزەکردنەوە لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی دزیان لە چەند ماڵێک کردووە.