بریکاری وەزیری نەوتی عێراق یەکێکیانە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت؛ سزامان بەسەر ئەوانەدا سەپاندووە کە نەوتی عێراق دەقۆزنەوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە نایەڵن ئێران سەروەت و سامانی عێراق تاڵان بکات، بۆیە سزایان بەسەر چەند کەس و لایەنێک سەپاندووە، کە یەکێک لەوانە بریکاری وەزیری نەوتی عێراق.
گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، سزامان بەسەر ئەو کەس و لایەنە بازرگانیانەدا سەپاندووە کە کەرتی نەوتی عێراق دەقۆزنەوە و ئاسایشی وڵات تێکدەدەن.
مەعارج بەهادلی، جێگری وەزیری نەوتی عێراق یەکێکە لەوانە کە بەقسەی گەنجینەی ئەمریکا پێگەی خۆی دەقۆزێتەوە بۆ ئاسانکاری بۆ لادان و فرۆشتنی نەوت بە رژێمی ئێران.
دەشڵێت “رژێمی ئێران سەروەت و سامانی عێراق تاڵان دەکات، ئێمەش لەکاتێکدا کە نەوتەکەی بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر بەکاردەهێنێت، بێدەنگ نابین”.
جگە لەمانەی سەرەوە گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سێ سەرکردەی باڵای میلیشیاکانی لایەنگری ئێراندا سەپێندرا کە بریتین لە کەتایب سەید شوهەدا و عەسائیب ئەهلی حەق.