"زۆربەیان ساختە بوون"

دوو ئەفسانەکەی تۆپی پێ ملیۆنان فۆڵۆوەرسیان لەدەستدا

ژووری هەواڵ

مێتا هەڵمەتێکی پاککردنەوەی پلاتفۆڕمی ئینستاگرامی لە بۆت و فۆڵۆوەرە فەیکەکان دەستپێکردووە و بەهۆیەوە هەردوو ئەستێرەی تۆپی پێی جیهانی، لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ملیۆنان فۆڵۆوەرسیان لەدەستدا.

لە هەڵمەتی پاککردنەوەی ئینستاگرام لە بۆت و فۆڵۆوەرە فەیکەکان، مێسی و کریستیانۆ پێکەوە نزیکەی 13 ملیۆن فۆڵۆوەریان لەدەستداوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ زەرەرمەندی گەورەی ئەم هەڵمەتەی مێتا بووە و لە شەوێکدا هەشت ملیۆن فۆڵۆوەری لە ئینستاگرام لەدەستدا و بەمشێوەیەش ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی دابەزی بۆ 666 ملیۆن فۆڵۆوەر.

هەژماری فەرمی ئینستاگرامی لیۆنێل مێسیش پێنج ملیۆن فۆڵۆوەری لەدەستدا و ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی بۆ 507 ملیۆن دابەزی.

بەپێی هەواڵێکی CNN، هێرشبەرەکەی یانەی نەسر بۆ هەر پۆستێکی ئینستاگرام بڕی 3.23 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، بەدوایدا لێۆنێل مێسی دێت کە بۆ هەر پۆستێک  2.6 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.

ئەم هەڵمەتەی مێتا تەنیا هەژمارەکانی مێسی و کریستیانۆی نەگرتەوە، زۆرێك لە کەسایەتییە جیهانییەکان ژمارەی فۆڵۆوەریان دابەزیوە و زەرەرمەندی گەورەی هەڵمەتەکەش، کایلی جێنەرە کە نزیکەی 14 ملیۆن فۆڵۆوەری لەدەستداوە.

هەڵمەتەکەی مێتا بۆ پاککردنەوەی ئینستاگرام، بۆت و هەژماری فەیک و ناچالاکەکان دەگرێتەوە و شارەزایان پێیان وایە مێتا زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ ناسینەوەی ئەو هەژمارانەی کە دەبێت بسڕدرێنەوە و لە پلاتفۆڕمەکە نەمێنن.

ئینستاگرام بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم “پاکتاوکردنە” (سڕینەوەی ئەکاونتەکان) نەداوە، کە کاریگەری کردووەتە سەر کەسایەتییەکانی وەک لێۆنێل مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دۆناڵد ترەمپ، پاپا فرانسیس، جەستن بیبەر و کایلی جێنەر.