دەست بەسەرداگرتنی مریشکە نەخۆشەکان - وێنە: قایمقامیەتی سەیدسادق
نەخۆشی نیوکاسڵیان هەبووە
زیاتر لە 150 مریشکی نەخۆش لە سەیدسادق دەستی بەسەردا گیرا
ژووری هەواڵ
لە قەزای سەیدسادق زیاتر لە 150 مریشکی نەخۆش دەستیان بەسەردا گیرا و لەناوبران، بە وتەی سەرۆکی لیژنەی ئابووری و تەندروستی لە قایمقامی سەیسدسادق، مریشکەکان کێشیان زۆر نەبووە و نەخۆشی نیوکاسڵ و بنەقاعەیان هەبووە.
قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق رایگەیاند، لە درێژەی کار و چالاکیەکانیاندا و لە ئەنجامـی گـەڕان و پشکنینەکانیان لە پێنـاو پاراستنـی تەندروستی هاوڵاتیان، لیژنـە هاوبەشەکانی قایمقامیەت توانیان دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 150 مریشکی نەخۆش لە کێڵگەی پەلەوەری مزگەوتە کە بەنیازی ساغکردنەوەی بوون.
ئارام عوسمان، سەرۆکی لیژنەی ئابووری و تەندروستی لە قایمقامی سەیسدسادق بە 964ـی راگەیاند، مریشکەکان کێشیان لە کیلۆ بۆ کیلۆ و نیو بووە و لە دەرەوەی کێڵگە دەستیان بەسەردا گیراوە، هەر لەکاتی پشکنین دەرچووە کە مریشکەکان نەخۆشی نیوکاسڵ و بنەقاعەیان هەبووە و سێ تا پێنج مریشکیش نەخۆشی ئاوبەنیان هەبووە.
بە وتەی ئارام عوسمان، دابەشکاری مریشکەکان هەستاوە بەمکارە و ویستیویەتی لە گەڕەکەکاندا بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ساغی بکاتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، کە ئەمڕۆ بە فەرمانی رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق لە شوێنی تایبـەت بە کۆکردنـەوەی خۆڵ و خاشاک لەناوبران و خرانە ژێر خۆڵەوە و کێلگەکەش داخرا.
وەک لە وێنەکاندا دەرەکەون، هەندێک لە مریشکەکان سەربڕدراون و نیشانەی نەخۆشی بە پێستیانەوە دیارە.