دەبێتە یەکەمین کارگە لە هەرێم
لە ئیدارەی سۆران کارگەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی بوتڵی غاز دروستدەکرێت
فەرهاد حەسەن
لە ئیدارەی سۆران کارگەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی بوتڵی غازی ماڵان دروست دەکرێت، کە ساڵانە بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان بوتڵەکان خاوێندەکاتەوە و باس لەوەش دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا هاوشێوەی ئەم کارگەیە نەبووە.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران بە 964ـى وت، دروستکردنی کارگەکە بە مەبەستی سەلامەتی و دڵنیایی بوتڵی غازی ماڵانە و کاری خاوێنکردنەوە و چاککردنەوەی بوتڵەکان دەکات.
وتیشی “دامەزراندنی کارگەکە قۆناغی دابینکردنی زەوی لەلایەن شارەوانییەوە تێپەڕاندووە و زەوی بۆ دابینکراوە.
هەروەها دەڵێت، “لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەم کارگەیە نەبووە و بۆ یەکەمجاریشە لە ئیدارەکەمان دروست دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، دروستکردنی کارگەکە دوای گلەیی و داواکاری هاوڵاتیان دێت، کە هەمیشە باسیان لە کۆنی و خراپی کوالێتیی بوتڵەکانی غاز دەکرد، باسیان لەوەش دەکرد ئاو تێکەڵی غاز بووە، بۆیە دروستکردنی ئەم کارگەیەیان بە گرنگ و پێویست زانی.