شایەتحاڵێکی رووداوەکەی ناوچەی پیشەسازی کەلار بۆ 964:
“ئەو دوو کەسەی تەرمەکانیان دۆزرایەوە برادەری نزیکی یەکتر بوون”
میلاد جەلال – کەلار
شایەتحاڵێکی رووداوەکەی ناوچەی پیشەسازی کەلار باسی دۆزینەوەی تەرمەکان دەکات و دەڵێت، بەینیان زۆر باش و برادەری نزیکی یەکتر بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1.11.2026 تەرمی دوو پیاو لە بەشی سەرەوەی دوکانێک لە ناوچەی پیشەسازی کەلار دۆزرایەوە کە تەمەنیان سەروو 30 ساڵ بوو، یەکێکیان فیتەر و ئەوەی دیکەیان هاوڵاتی ئاسایی بوو.
ئەحمەد مەجید شایەتحاڵی رووداوەکەیە و لەگەڵ پۆلیس چووەتە سەر تەرمەکان، ئەو بە 964ـی وت، “دەوری سەعات 7 و نیو بەیانی من هاتم، کەس لێرە نەبوو، دوایی براکانی هاتن و شپرزیان پێوە دیار بوو، تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کرد و کە چووینە سەرەوە، تەرمەکانیان لەتەنیشت یەکتر کەوتبوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو کەسە دایم بە یەکەوە بوون و برادەری نزیکی یەک بوون.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، ئەو دوو کەسە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە دیارە، هێشتا هۆکار و پاڵنەری رووداوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری