مامۆستاکەی کەرکوک بۆ 964:
“سرودی نیشتمانی بە قوتابیان دەڵێینەوە بۆ ئەوەی هەستی کوردایەتییان بەرز بێت”
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
مامۆستا ئامەد محەمەد دەڵێ، هەستێکی زۆر خۆشی هەیە کە لەلایەن وەزیری پەروەردەوە خەڵات کراوە و کوردستانیش یەکە و نابێ بە چوار.
مامۆستا ئامەد مامۆستای قوتابخانەی خانزادی بنەڕەتییە لە کەرکوک، رۆژی 17ـی ئەم مانگە و لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا، بە شەوق و زەوقێکی زۆرەوە سرودی نیشتمانی بە قوتابییەکانی وتەوە و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانی دەنگدانەوەی زۆری لێکەوەتەوە.
ئەمڕۆ د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە قوتابخانەکە و چەپکە گوڵی رێزلێنانی پێشکەشی مامۆستا ئامەد و قوتابخانەکەی کرد.
وەزیر قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بە واجبمان زانی بێینە ئێرە و مەبەستمان بوو لەڕێی مامۆستا ئامەدەوە رێز لە هەموو مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگرین و سوپاسی رۆڵی نیشتمانپەروەرانەیان دەکەین”.
مامۆستا ئامەدیش وتی، “ئەمڕۆ بێ ئامادەکاری و بێ ئەوەی پێمان بڵێن، جەنابی وەزیر هاتووە و هەستێکی زۆر خۆشی پێبەخشین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو بۆنەکاندا و بەیەک دەنگ سرودی نیشتمانی و گۆرانی بە قوتابییەکانیان دەڵێنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی هەستی کوردایەتییان بەرز بێت، دەشڵێت، “وەک کورد ئازارێکی زۆرمان چێشتووە و کوردستانیش یەکە و نابێ بە چوار”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری