له‌ برۆكسل بەڕێوەدەچێت

یه‌كێتى مامۆستایان به‌شدارى کۆنفرانسی جیهانیی زیرەکیی دەستکردى كردووه‌

964+

فەرهاد حەسەن

لە بروکسێلی پایتەختی بەلجیکا، کۆنفرانسی جیهانیی زیرەکیی دەستکرد بەڕێوەدەچێت و یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش بەشدارە، کە لەلایەن نێودەوڵەتیی پەروەردە (EI)ـەوە رێکخراوە.

مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی ، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بڵاویکردووەتەوە، ئەم کۆنفڕانسە یەکێکە لە گرنگترین چالاکییە جیهانییەکان کە تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆ دەربارەی داهاتووی پەروەردە لە سەردەمی گۆڕانکاری دیجیتاڵی.

کۆنفرانسە دوای ئەوە دێت کە رێککەوتنی یونێسکۆ لە سانتیاگۆ لە مانگی ئابی رابردوودا خاڵێکی مێژوویی تۆمارکرد، کاتێک پەیوەندی نێوان مامۆستایان و قوتابییان وەک “میراتێکی هاوبەشی مرۆڤایەتی” ناسێندرا لە سەردەمی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژی.

ئاماژەی نەوەشکردووە، کۆنفرانسەکە لە بروکسێل ئەم هەفتەیە باس لەوە دەکات کە چۆن ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بپارێزرێت لە کاتی هاتنەژوورەوەی زیرەکیی دەستکرد بۆ ناو پۆلەکاندا.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکێتییە پەروەردەییەکانی سەرانسەری جیهان ئەمڕۆ کۆدەبنەوە بۆ دانانی وەڵامە کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و یەکڕیزی دامەزراون و پشت بە ئەزموونی ئەو مامۆستایانە دەبەستن کە راستیی پۆلەکان و کێشەکانی قوتابییان باشتر لە هەر ئەلگۆریتمێک دەزانن.