سوپای پاسداران دەڵێت، ناوەندە هەوڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکایان لە کوەیت و بەحرەین بەئامانج گرتووە
سوپای پاسداران:
“ناوەندە هەوڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکامان لە کوەیت و بەحرەین کردە ئامانج”
شۆڕش قادری
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ناوەندە هەوڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکایان لە کوەیت و بەحرەین کردووەتە ئامانج و دوو کەشتیش لە گەرووی هورمز مین پێیاندا تەقیوەتەوە و زیانیان بەرکەوتووە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوی ژمارە 28ـی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە کە لە شەپۆلی 19ـیەمی ئۆپەراسیۆنەکانی نەسر 2 و لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، ئەسکەلەی پشتیوانی سووتەمەنی هێزی دەریایی ئەمریکایان لە بەندەری ئەلحەمدی لە کوەیت و سەکۆیەکی فڕینی فڕۆکەکان لە شێخ عیسای بەحرەین، بە درۆن و موشەک کردووەتە ئامانج.
لەگەڵ ئەوەشدا هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی هەوڵگری ئەمریکا لە بەحرەین، تاوەرێکی پەیوەندییەکانیشیان لە کوەیت تێکشکاندووە.
سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، دوو کەشتی کە بەنیازبوون لە رێڕەوەکانی باشووری گەرووی هورمز تێپەڕببن، مین پێیاندا تەقیوەتەوە و ئاگریان گرتووە.
لەگەڵ ئەو راگەیەنراوەی سوپای پاسداران، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڤیدیۆی حەوتەمین شەوی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو هێرشانەدا بنکەکانی چاودێری، ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی، و کۆگاکانی چەکی ژێرزەمینی کراونەتە ئامانج.
سێنتکۆم رەتیدەکاتەوە، هیچ کەشتییەک لە گەرووی هورمز زیانی پێگەیشتبێ و دەڵێت، پڕوپاگەندەی سوپای پاسدارانە.