سندوقێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەداندرێت
دوو بومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا ژمارەی گیان لەدەستداوانی بۆ زیاتر لە 2500 کەس بەرزکردەوە
فەرهاد حەسەن
سەرۆکی كاتی ڤەنزوێلا راگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەهۆی دوو بومەلەرزەكەی هەفتەی رابردوو گیانلەدەستدا، گەیشتوەتە دوو هەزار و 595 کەس، لەگەڵ ئەوەشدا کاردەكەن بۆ دروستکردنی سندوقێکی ئاوەدانکردنەوە بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار.
دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی كاتی ڤەنزوێلا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ هەینی روونیکردەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی پێشنیاری پێشکەشکردنی هاوکاری و قەرزیان کردوە بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە.
دەشڵێت، ڤەنزوێلا کاردەکات بۆ دروستکردنی سندوقێکی ئاوەدانکردنەوە بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەم پارانە ئاڕاستەی بەڵێندەران دەکرێن بە مەبەستی دووبارە بنیادنانەوەی ئەو ماڵانەی کە جێگەی ئەوانە دەگرنەوە کە وێران بوون.
لەبارەی ژمارەی قوربانییەكانیشەوە، سەرۆكی كاتی ڤەنزوێلا وتی، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتوەتە دوو هەزار 595 كەس، جگە بێسەروشوێنبونی هەزاران كەسی دیكە و برینداربونی دەیان هەزار كەس.
رۆژی یەكشەممەی ڕابردو دوو بومەلەزەی بەھێز بە گوڕەکانی 7.2 و 7.5 فەنزوێلایان هەژاند، تیمە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە ململانێدان لەگەڵ کات بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا، بەتایبەتی لە کاراکاسی پایتەخت و ویلایەتی لا گوایرا کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و زیاتر لە دوو هەزار و 500 باڵەخانە تێیاندا وێران بووە.