یەکەم پێشانگای کتێبە

10 وڵات کتێبیان بردووە بۆ زاخۆ

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمرۆ دووشەممە 1.12.2025 بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب بەبەشداری 60 چاپخانە و پەرتووکخانە لە 10 وڵاتی جیاجیا لەزاخۆ کرایەوە و بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام دەبێت.

پێشانگاکە لەناو بینای زانکۆی زاخۆ لە هۆڵی پێشانگاکانی نێودەوڵەتی کراوەتەوە، ئەو چاپخانە و پەرتووکخانانەی بەشدارن لەم پێشانگایە لە وڵاتانی میسر، ئیمارات، ئوردن، لوبنان، تورکیا و سعودیە و چوار پارچەکەی کوردستانن.

کوڤان حسێن، رێکخەری پێشانگاکە بە 964 وت، زۆر خوشحاڵین کە یەکەمجارە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە لەزاخۆ بەرێوەبچێت، پێشبینی دەکەین رێژەیەکی باشی خوێنەران سەردانی پێشانگاکە بکەن و ئامادەکاری تەواومان کردووە لەم شەش رۆژەدا خزمەتی تەواوی خەڵکی کوردستان بکەن.

ئەواب جزیریش خاوەن چاپخانەیەکی پارێزگای دهۆکە بەشداری زۆری پێشانگاکانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کردووە بە 964 وت، ئەمجارە جیاوازە، لە ماڵی خومانین و لەناو شارێکین رێژەی خوێنەرەکان بەراورد بەشوێنەکانی تر زۆرترە، دەستخوشی لەرێکخەران دەکەم.

ئەمە دووەم پێشانگای نێودەوڵەتییە لە زاخۆ بەرێوەبچێت، پێشتر لەمانگی نۆ کە هاوکات رۆژی بەئیدارەبوونی زاخۆ بوو، پێشانگای بازرگانی بۆ بەرهەمەکان بەرێوەچوو ئەمرۆش پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا