گۆرانی نوێی بەدەستەوەیە

دکتۆرە هونەرمەندەکە خۆی بۆ کۆنسێرت ئامادە دەکات

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئەم پێنجشەممەی هاتەوە سلێمانی دەنگی هونەرمەند و دکتۆرێکی خۆی بە ئاسمانی شار دەبات و خەڵکێکی زۆر هەر لە ئێستاوە چاوەڕێن، رەوا جەمال کۆنێسرتەکە بکات و ئەوانیش بچن و گوێی بۆ بگرن.

رەوا جەمال و تیمە مۆزسیانەکەی لە پڕۆڤەدا بوون و دیلان خۆی گەیاندە لایان، ئەوان سەرقاڵی ئەوە بوون، ئەو گۆرانییانەی هەوادارانی دەیانەوێت بە دەنگی ئەو گوێیان لێبێت، خۆیان بۆ ئامادە بکەن و دکتۆر رەوا وتی، چەند تراکێکی تازەشی هەیە.

رەوا جەمال عەبدول، خەڵکی شاری سلێمانییە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە لە نێوان بواری پزیشکی و هونەردا کاری کردووە، ئەو لەگەڵ پیشەی پزیشکی ددان، بەشداریی لە ژیانی هونەری و مۆسیقای کوردیدا کردووە و بە گۆرانی و بەرهەمە هونەرییەکانی ناسراوە.

رەوا جەمال لە 28ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1982 لە گەڕەکی عەلی ناجی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، خوێندنی لە بواری پزیشکی ددان تەواو کردووە، بەڵام خولیای مۆسیقا و گۆرانی لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵیدا بووە.

ئەو بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2013 یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی «گەڕانەوە» بڵاو کردەوە و لەو کاتەوە بە بەرهەمە گۆرانییەکانی بەردەوام بووە، لە نێو گۆرانییە ناسراوەکانی، “کۆچ”، “درەنگ هاتی”، “گەر لە دەستم بێ”، “خۆزگە”، “چاوەڕوانی” و “مزگێنی” هەن.

کۆکردنەوەی کاری پزیشکی و هونەری لە یەک کاتدا، بەشێکە لە ناسنامەی رەوا جەمال، کەسایەتییەک کە لە ژیانی پیشەیی خۆیدا بە دوو بوارە جیاوازەکەوە پەیوەندیی هەیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا