ترەمپ پاڵپشتی سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك دەكات
هەرچەندە ئەو دژایەتی سەرۆكی دەكرد...
دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرک راگەیاند
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ زەهران مەمدانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانیی نیویۆرک راگەیاند.
ترەمپ رایگەیاند کە “کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار”ی لەگەڵ مەمدانی ئەنجامداوە و پشتگیری خۆی بۆ ئەو راگەیاندووە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ لە كۆشكی سپی رایگەیاندووە، “تەنیا کۆبوونەوەیەکی گەورە و زۆر بەرهەمدارمان ئەنجام دا، یەک شتمان هاوبەشە، ئەویش ئەوەیە کە دەمانەوێت شارە خۆشەویستەکەمان گەشە بکات”.
سەرۆكی ئەمریكا هەروەها دەڵێت، تا ئاستی كاركردنی باشتر بێت، دڵخۆشترم و یارمەتی دەدەین خەونی هەمووان بەدەستبهێنێت، هەستیش بە سەلامەتی دەکەم لە نیویۆرک بژیم لەگەڵ مەمدانی وەک سەرۆکی شارەوانی.
رۆژی 5.11.2025 زەهران مەمدانی، كە سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی و چالاکوانی سۆسیالیستی بە رەچەڵەک هیندی و موسڵمانە، ئەندامی پارتی دیموکرات و سۆسیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکایە بە سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرن هەڵبژێردراوە و بڕیارە لەگەڵ ساڵی نوێ دەستبەكار بێت.
مەمدانی، كە دەبێتە یەکەم سەرۆکی موسڵمانی شارەوانیی نیویۆرک لە مێژوودا، كاتێک لە هەڵبژاردن بردییەوە، پەیامی بۆ ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا نارد و وتی، “دەنگی تەلەڤزیۆنەكەت بەرزبكەوە، چونكە دەزانم ئێستا سەیرم دەكەی”.