سبەى کۆتا رۆژە؛ ماوەى لێخۆشبوونى 50%ـى قەرزى کۆنى کارەبا کۆتایى دێت

964+

وریا فەتاح

سبەى کۆتا رۆژە بۆ دانەوەى قەرزى کۆنى کارەبا بە لێخۆشبوونى 50%. دوا دەرفەتە بۆ ئەوەى قەرزەکە نەبێتە قیستى مانگانە.

رۆژى 23.9.2026، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە رێکەوتی 24ـی ئەیلول (مانگی 9) تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم (مانگی 10) دوایین وادە دەبێت بۆ ئەوەی هاوبەشانی کارەبا سوودمەند بن لە لێخۆشبوونی قەرزەکانیان کە رێژەکەی دەگاتە 50%..

داشکاندنەکان بەم شێوەیە دەبن:

ماڵان و کشتوکاڵ: داشکاندنی 50% بۆ سەرجەم قەرزەکان.
پیشەسازی، بازرگانی و میری: داشکاندنی 25% (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە).
مەرجی سوودمەندبوون: دەبێت هاوبەشەکە دوای لێدەرهێنانی داشکاندنەکە، تەواوی پارەکەی تر بە یەکجار بدات (لە رێگەی سیستەمی ئی-پسوولە، یان بنکەکانی فرۆشتنی وزە).

دوای سبەینێ چى روودەدات؟
ئەگەر هاوبەشێک تا ئەو بەروارە قەرزەکەی نەداتەوە یان نەچێت بەدەم پرۆسەکەوە، ئەوا راستەوخۆ و بەشێوەی ئۆتۆماتیکی تەواوی قەرزەکەی (بەبێ هیچ داشکاندنێک) دەکرێتە قیست بۆ ماوەی 6 تا 24 مانگ. دواتر ئەو قیستانە دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانەی “پرۆژەی رووناکی” و دەبێت لە ماوەی 50 رۆژدا پارەکە بدرێت.

کارەباى سلێمانى، هاوبەشان ئاگادار دەکاتەوە کە سبەینێ یەکشەممە لە کاتژمێر (8:30)ی بەیانی تا ئێوارەی هەمان رۆژ تا هاوبەش مابێت لە خزمەتی هاوبەشانی کارەبا دەبن و پارەی کارەبا وەردەگرن.

هەروەها هاوبەشانی کارەبا دەتوانن لە ڕێگای ئی پسولەوە قەرزی کارەباکەیان بە داشکاندنەکەوە تا کاتژمێر (12)ی نیوەشەو بدەنەوە.