"دوو تیرۆریستی داع*ش لە سلێمانی دەستگیر کران" – وێنە دەزگای دژە تیرۆری عێراق
دژە تیرۆری عێراق:
“دوو تیرۆریستی داعش لە سلێمانی دەستگیر کراون”
شۆڕش قادری
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، بە هاوکاری دژە تیرۆری سلێمانی دوو “تیرۆریستی داعش”ـیان لە سلێمانی دەستگیر کردووە.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە هەوڵی وردی هەواڵگری و هەماهەنگیی ئاست بەرز لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی، هێزەکانمان توانیان دوو تیرۆریست لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەمان چوارچێوەدا هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر حەشارگە و مۆڵگەکانی داعش لە پارێزگای کەرکوک (وادی خاسە) و (وادی زغیتوون)، هەروەها هەردوو چیای مەخمور و حەمرین ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی داعش لەناوبراون و چەندین بۆمبی چێندراو و کەرەستەی تەقەمەنیش تەقێنراونەتەوە.
دژە تیرۆری عێراق راشیگەیاندووە، کێوماڵکردن و هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعش بەردەوام دەبێت.