دووباره‌ هاوڵاتیان چوونه‌وه‌ به‌رده‌م كۆمپانیای لالاڤ

شوقه‌یان بۆ دروست نه‌كراوه‌ و پاره‌شیان لێده‌بڕن

كۆسره‌ت ئه‌حمه‌د – هه‌ولێر

جارێكی تر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی پاره‌یان دابوو شوقه‌ له‌ كۆمپانیاكانی لالاڤ بكڕن، چوونه‌وه‌ به‌رده‌م ئۆفسی كۆمپانیاكه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كانیان، كه‌ شوقه‌كان هێشتا دروست نه‌كراون، هاوڵاتییه‌كیش ده‌ڵێت، هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌ پاره‌كه‌یان نه‌ده‌نه‌وه‌.

قه‌مه‌ڕ قاسم، هاوڵاتییه‌كی هه‌ولێره‌ و به‌ 964ی وت، 59 هه‌زار دۆلاری داوه‌ بۆ كڕینی شوقه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ پڕۆژه‌ دروست نه‌كراوه‌ و تازه‌ش دروست ناكرێت، چونكه‌ ره‌زامه‌ندی پێنه‌دراوه‌.

وتیشی، ده‌یانه‌وێت پاره‌كه‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا كۆمپانیا ده‌ڵێت به‌شێكی پاره‌كه‌ ده‌بڕن، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان لێكردوون،‌ ئه‌وه‌ی گردبوونه‌وه‌ بكات پاره‌كه‌ی ناده‌نه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ هەرێم شکور، پارێزه‌ری گرووپی كۆمپانیاكانی لالاڤ بۆ 964 روونیكرده‌وه‌، بابه‌تی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارادانییه‌ و قسه‌كردن ئاسانه‌، به‌ڵام سه‌لماندنی پێویسته‌.

وتیشی، ئێمه‌ ته‌نیا نێوه‌ندگیری پڕۆژه‌كه‌ بووین و خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ین، كه‌ پاره‌یان داوه‌، هه‌فته‌ دوای هه‌فته‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌یان هه‌بوو كه‌مده‌بێته‌وه‌.

“نامانه‌وێ كڕیارانمان تووشی كێشه‌ بن”، ئه‌مه‌ قسه‌ی هه‌رێم شوكره‌.

964 پێشتر گردبوونه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی رووماڵ كردووه‌، كه‌ شوقه‌یان له‌و كۆمپانیایه‌ كڕیوه‌، به‌ڵام دواتر پڕۆژه‌ی شوقه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و له‌ لایه‌ن لایه‌نی به‌رپرسه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی پێنه‌دراوه‌، كێشه‌كه‌ی ئێستاش له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یه‌، كه‌ پاره‌یان بۆ كڕینی شوقه‌ دابوو.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا