پلاتفۆرمی X (تویتەری پێشوو) و سەدان ماڵپەڕی دیکە بۆ ماوەیەک لەکارکەوتن

کڵاودفڵەیر تووشی کێشە بوو

ژێوار خدر

کۆمپانیای کلاودفڵەیر (Cloudflare)، کە یەکێکە لە دابینکەرە سەرەکییەکانی خزمەتگوزارییەکانی ژێرخانی ئینتەرنێت، تووشی کێشەیەکی گەورەی ناوخۆیی بووەتەوە لە خزمەتگوزارییەکانی، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر سەدان ماڵپەڕ و خزمەتگوزاریی ئۆنلاین لە سەرانسەری جیهاندا، بە شێوەیەک کە هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بۆ ماوەیەک لەکارکەوتن یان بە پچڕپچڕی کاریان دەکرد.

کلاودفڵەیر بە فەرمی کێشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت: “تووشی کێشەی ناوخۆیی خزمەتگوزاری بووینەتەوە، هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان لەوانەیە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ کاریان تێبکرێت، ئێمە سەرنجمان لەسەر گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانە، هەوڵدەدەین ئەپدەیتی سیستمەکەمان بکەین و زانیاری نوێتر بەم زووانە بڵاودەکرێتەوە.”

پلاتفۆرمی X (تویتەری جاران) یەکێک بوو لەو خزمەتگوزارییانەی کە بەهۆی ئەم کێشەیەوە کاری تێکرا و بۆ ماوەیەک لەکارکەوت، بەکارهێنەران لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی کێشە بوون لە چوونەژوورەوە بۆ هەژمارەکانیان و کارلێککردن لەگەڵ ناوەڕۆکی پلاتفۆرمەکە.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەم وەستانە لە X راستەوخۆ پەیوەندی بە پەککەوتنی کلاودفڵەیرەوە هەبووە، چونکە کلاودفڵەیر رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابینکردنی ژێرخانی تەکنیکی بۆ چەندین وێبسایتی گەورە و پاراستنیان لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

جگە لە X، چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی دیار و جیهانی وەک چاتجی پی تی (ChatGPT)، سپۆتیفای (Spotify) و کانڤا (Canva) و چەندین یاریی ئۆنلاینیش رووبەڕووی پەککەوتن بوونەوە. کۆمپانیای کلاودفڵەیر رایگەیاندووە کە تیمەکانیان بە چڕی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی تەواوی خزمەتگوزارییەکان، و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەیەکیش بەکارهێنەران کێشەی زیاتر ببینن.