سەروو 104 دۆلارە

نرخی نەوت زیاتر دابەزی

شۆڕش قادری

چەند رۆژێکە و دوای یەکتربینینی کاربەدەستانی ئێران و ئەمریکا لە نیویۆرک نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردووە و ئەمڕۆش زیاتری لێبووەوە، یەک بەرمیل لە سەروو 104 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 26.9.2026 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕى وزەی جیهانیدا نرخى یەک بەرمیل نەوت بە 104 دۆلار و 3 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ بەڕێژەی 2.14٪ دابەزیوە.

هاوکات یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساسیش بە 92 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 2.33٪ دابەزیوە.

ئەم دابەزینەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا و لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیف ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر یەک مێز دانیشتن، دواتر عێراقچی رایگەیاند، حەوت مەرجیان داوەتە ئەمریکا و ئەگەر پێیان رازی بن، بەمزووانە گەرووی هورمز دەکەنەوە.

هەر گۆڕانکارییەک لە گەرووی هورمز کاریگەری راستەوخۆ لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دروست دەکات.