هەولێر
40 رۆژ زیاترە چاڵێک لە تەیراوە هەڵكەندراوە و مەترسی دروست كردووە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
چاڵێكی گەورە لە ناوەڕاستی بازاڕی تەیراوەی هەولێر هەڵكەندراوە، كە بۆ چاككردنی سیستمی ئاودێریی بازاڕەكە كاری تێدا دەكرێت، بەڵام ئیشەكە بە باشی ناڕوا، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و كاسبكارانیش دروست كردووە.
چاڵەكە گەورەیە و ئاوەڕۆی بازاڕەكەی دەرخستووە، ترسی ئەوەش هەیە كاسبكارێک، بەتەمەنێک، یان منداڵێک بكەوێتە ناوی و بە هیلاكەت بچێت.
عەلی جیهاد، فرۆشیاری سەوزەومیوەیە لە بازاری تەیراوە و بۆ 964 وتی، لە سەرەتای مانگی 10ی رابردووەوە شوێنەكە هەڵكەندراوە و تا ئێستا وەک خۆی جێهێڵدراوە، ترسی ئێمە لەوەیە كەسێک بكەوێتە ناوی و زامدار بێت، رۆژانە دوكانداران و ئەو خەڵكانەی هاتوچۆی شوێنەكە دەكەن، دەبێت زۆر ئاگاداری خۆیان بن.
عەلی دەڵێت، “لێرە دەڵێن تا كەسێک نەكەوێتە ناویەوە چاكی ناكەن”.
بەڵام بەڕێوەبەری ئاودێریی هەولێر زەردەشت كاكەیی، بۆ 964 دەڵێت، “یەكێک لە كارە قورسەكان هەڵدانەوەی ئەو مەنهۆڵە بوو، كە 70 بارهەڵگر قوڕولیتەی تێدا دەرهێنراوە، لەبەر بازاڕ و كاری كاسبكاران، شەوان كاری تێدا دەكرێت، تیمەكانی ئێمە بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو بە تەواوی چاكی دەكەن”.
كێشەی بازاڕی تەیراوە ئەوەیە هەر باران ببارێت، ئیتر دەبێتە لافاو و ئاو كەلوپەلی دوكانەكان لەگەڵ خۆی دەبات، بۆیە پێدەچێت بە چاككردنی ئەو مەنهۆڵە، ئیتر كێشەی لافاویش لە بازاڕەكە نەمێنێت و كاسبكاران و هاوڵاتیانیش بحەسێنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا