مەرج بەسەر خواردنگەکانی زاخۆ دەسەپێندرێت

هەموو شتێک وەک خۆی بنوسن

لیژنەکانی چاودێری – وێنە: تایبەت بە میدیازان

میدیازان – شڤان عەبدولڵا – زاخۆ

 ئەمڕۆ چاودێری بازرگانی زاخۆ هەڵمەتێکی ناو بازاڕی دەستپێکرد، بینیویانە گۆشتی مەسڵەحە بەناوی گۆشتی خۆماڵی دەرخواردی خەڵک دراوە، هەربۆیە بڕیاریانداوە لەمەودوا خواردنگەکان لەسەر مینۆکانیان راستییەکان وەکو خۆی بنوسن.

 کۆڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی زاخۆ بە میدیازانی وت، “چوینە خواردنگەیەک، نوسرابوو یەک کیلۆ کەباب بە ٢٠ هەزار دینار، بەڵام کاتێک کێشامان ٦٠٠ کیلۆ بوو نەک یەک کیلۆگرام”.

 ئەوە جگە لەوەی لە چەندین خواردنگەی تر بۆیان دەرکەوتووە، گۆشتی مەسڵەحە وەکو گۆشتی تازە بە خەڵکی دراوە و پارەی زیاتریان لێسەندوون.

 کۆڤان ئاڤدەل بۆ میدیازانی ئاشکراکرد، بەنیازن سزای سەرپێچیکارەکان بدەن بە داخستنی شوێنەکانیان بۆ ماوەی یەک هەفتە، هەروەها پێبژاردنی دارایی کە لە ٥٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت، بەپێی جۆری کەمتەرخەمییەکانیان.

 لە کۆتاییدا بڕیاردراوە، چاودێرییەکانیان بەردەوام بێت، هەروەها خاوەن خواردنگەکان بەهای هەر خواردنێک لەگەڵ ئەگەری تازەیی و کۆنی بە روونی لەسەر مینۆکانیان بنوسن، ئەگەرنا سزادەدرێن.