لە دژی لایەنەکان وتارەکەی نەخوێندەوە
کەمال رەئوف: لەبەردەم مەترسییەکی گەورەداین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بێباکن
964+
ژووری هەواڵ
لە هۆڵەندا کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆبوونەوەی گشتی خۆی بەڕێوەبرد، کاتێک کەمال رەئوف بانگکرا بۆ وتار خوێندنەوە، کاغەزەکانی داناو وتی لەبەرامبەر بێباکی لایەنە سیاسییەکان ئەم وتارە نوسراوە ناخوێنمەوە.
ئەمە کۆبوونەوەی گشتی ژمارە 24 بوو لە ماوەی 27 ساڵی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە وڵاتانی دنیاوە کورد چووبوونە ئەوێ و گفتوگۆیان دەکرد.
کاتێک نۆرە هاتە سەر کەمال رەئوف نووسەرو رۆژنامەنووس، کاتێک چووە سەر ستەیج وتی: ”کە لە کوردستانەوە هاتم وتارێکم ئامادەکردبوو پڕ لە فاکت، لەسەر مەترسییەکانی سەر گەلی کورد لەم قۆناغەدا، بەڵام کە گوێم لە پەیامی لایەنە سیاسییەکان بوو ئەم وتارەی خۆم ناخوێنمەوە”.
رەخنەی کەمال رەئوف لەسەر ئەوە بوو کە مەترسییەکانی سەر باشووری کوردستان زۆرن، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بێباکن و پلانی جدییان نییە.
کەمال رەئوف بە 964ی وت: ئەم کۆنفرانسە بۆ یادی 27 ساڵەی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرا، لەوێ تاوتوێی بارودۆخی کوردستان و حاڵی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرا، ئەوان پێیان وابوو ئەو پلانگێڕییەی دژی رۆژئاوا روویدا، هەمان پلانگێڕی دژی باشووریش لە ئارادایە.