تایە تەقیوە
دوو خوشکی خانەنشین بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا
سیروان خورشید
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9.6.2026، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگەی گشتی کەرکوک بۆ بەغدا لە سنوری دیالە دوو خوشک گیانیان لەدەستدا.
هاتوچۆی دیالە دەڵێ، رووداوەکە بەهۆی تیژڕەویی و تەقینی تایەی ئۆتۆمبێلەکەوە روویداوە.
محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی دیالە بە 964ـی وت، رووداوەکە بەهۆی تیژڕەویی زۆری ئۆتۆمبێلی جۆری “هۆندای تۆکسان” روویداوە، کاتێک تایەی ئۆتۆمبێلەکە تەقیوە و شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
وە بە توندی خۆی کێشاوە بە ستونێکی کارەبادا و پاشان لە ئەنجامی لادان لە رێڕەوی خۆی، خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری “تۆیۆتا لاندگرۆزەر” کە لە سایدی بەرانبەرەوە هاتووە.
لە ئەنجامی روداوەکەدا دوو خوشک کە هەردووکیان خانەنشینن و سەرنشینی ئۆتۆمبێلی جۆری “هۆندای تۆکسان”کە بوون، کە لەب ەغداوە ویستویانە بگەڕێنەوە کەرکوک، بەهۆی رووداوەکەوە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
لە ئەنجامی رووداوەکە، زیانی ماددی زۆریش بە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە گەیشتووە و تیمەکانی هاتوچۆ لەگەڵ رووداوەکە گەیشتوون و دەستیان بە رێکارە یاساییەکانیان کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا