ژنە پارێزگارەكەی هەڵەبجە
“بەرپرسیارییەتەكەم گەورەیە و ترسم هەیە”
964+
چاوان خەلیل – هەڵەبجە
پارێزگای هەڵەبجە نوخشە ناسیح دەڵێت، وەك یەكەم ژن لە مێژووی عێراقدا بووەتە پارێزگار و ئەمە بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە لەسەر شانی و دەترسێت.
نوخشە ناسیح ئەمڕۆ هەینی 31.10.2025 لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بۆ تۆڕی 964 قسەی كرد و دەڵێت، لەو سەردەمەدا كاری پارێزگاری قورسە، چونكە دەیانەوێت پڕۆژەی زۆر بكەن، بەڵام بودجەی پێویست بەردەست نییە.
وتیشی، سوپاسی پیاوانی هەڵەبجە دەكات كە پشتی ژنان و كچانی خۆیان گرتووە و پاڵپشتییان كردوون و بە درێژایی مێژووش ژنان لە هەڵەبجە پێشەنگ بوون و لە زۆر بواردا ئەرك و پۆستی جۆراوجۆریان لەئەستۆ بووە.
پارێزگای هەڵەبجە پێشتر ئەفسەر بووە و دواتر بووەتە قایمقام و دواتریش بووە پارێزگار، دەشڵێت هەوڵی داوە لە نێوان كار و ئەركی وەزیفی و ژیانی خێزانیدا هاوسەنگیی بكات و ئەركی ماڵ و منداڵەكانیشی جێبەجێ بكات.
نوخشە، كە دوو كچی هەیە، رەخنەی لەوە هەیە هەندێك لە میدیاكان بە شێوەیەكی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ كچەكەی كردووە، كە خەریكی كاری رێكخراوەییە و خزمەت دەكات وەك هەر گەنجێكی كوردستان.
پارێزگارە تاقانە ژنەكەی عێراق و كوردستان دەڵێت، لە سەردانی بۆ ئێران لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بە كوردی قسەیان كردووە و ئەو رێككەوتنانەشی لەگەڵ لایەنی ئێرانی كراون، خەریكە وردەوردە جێبەجێ دەكرێن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا