بازاڕی مەیدانی حاجیاوا
گەرموگوڕترین بازاڕە و خزمەتگوزاری نییە و رۆژانی هەینی دەكرێتەوە
964+
باخان تۆفیق
بازاڕی مەیدانی حاجیاوا بازاڕێکی خۆڕسکانەیە و شوێنێکی گرنگی بازاڕکردن و بازرگانییە بۆ بابەتی سەوزە، میوە، ئاژەڵداری، کەلوپەلی دەستی دوو، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە جێگایەکی گونجاو بۆ بازاڕەکە دابین بکرێت و فرۆشیاران و هاوڵاتیان ناڕازین و دەڵێن، “سیمایەکی ناشارستانی بە قەزاکە داوە”.
سروشتی ئەو بازاڕە بە شێوەیەکە بە هەرزانی ناسراوە، تەنیا لە رۆژانی هەینیدا بە رووی کڕیاراندا دەکرێتەوە و خەڵکی لە تەواوی سنوری ئیدارەی راپەرین و ناوچە جیاوازەکانی تری کوردستان سەردانی دەکەن.
جەمیل عەزیز فرۆشیاری میوەیە لە بازاڕەکەدا و بە 964ی وت،” تا خوا دەڵێ بەسە بازاڕەکە بێ خزمەتە، راستە بینایەک کراوە بە ناوی مەیدانی حاجیاوا، بەڵام بیناکە ئەو هەموو فرۆشیارە لەخۆ ناگرێت، بە تایبەت رۆژانی هەینی بازاڕەکە جمەی دێت؛ بازاڕەکەمان هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە و سیمایەکی ناشارستانی بە قەزاکە داوە”.
هەر لەبارەی بێ خزمەتی بازاڕەكە سەرۆکی شارەوانیی قەزای حاجیاوا رەمزی خالید بە 964 ی راگەیاند، “ئەم بازاڕە وەک بۆرسەیەک وایە و گرنگی خۆی هەیە، بەشی پلانمان راسپاردوە بۆ دەرخستنی پلانی ساڵی داهاتوو، لە ئەگەری هەبوونی بودجەدا دەمانەوێت بە تایبەت بەشی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان، لە نزیک شارەوە بگوازینەوە و لەهەمان کاتدا سیمایەکی جوانتر بە تەواوی بازاڕەکە ببەخشین”.
جیاوازی بازاڕەکە و قەزاکە لەوەدایە شێوە جوگرافییەکەی کەوتووەتە ناوەڕاستی ئیدارەی راپەڕین و دانیشتوانی تەواوی ناوچەکە، وەک فرۆشیار یان وەک کڕیار روو لەم بازاڕە دەکەن و بە سەدان فرۆشیاری تێدایە، لە رۆژانی هەینی بە هەزاران کەس سەردانی دەکەن.