باوکیان چوار ساڵە لە جێگادا کەوتووە

هەژاری و نەخۆشی ئۆقرەی لە خێزانێکی چوار کەسی بڕیوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لەگەڕەكی چوارباخی سلێمانی، هەژاری و نەخۆشی ئۆقرەی لە خێزانێکی چوار کەسی بڕیوە و لە وەزعێکی تابڵێی سەختدا دەژین.

پیاوی ماڵەکە كاسبكارێكی بەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی بووە، ساڵی 2022 سەیارە لێی داوە و لەوکاتەوە تووشی شەلەلی بووە و لە جێگادا کەوتووە.

كەوسەر عەلی دایکی ماڵەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “جگە لە پیاوەکەم خۆم و منداڵەکانیشم نەخۆشین، پێشتر ئیشم دەکرد، بەڵام ئێستا ناتوانم هاوسەر و منداڵەکانم بەجێبهێڵم و هیچم بۆ ناکرێ”.

خانووی ئەو خێزانە شێی هەیە و ئەو دایکە دەڵێت، “هەموو رۆژێکمان مردنە و خەریکە لە بۆنی کەڕوودا دەخنکێین”، داوای لە سەرمایەدار و خەڵکی خێرخواز ئەوەیە، تەنیا خانوویەکیان بۆ بکڕن و لەو وەزعە رزگاریان بکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری