بازاڕی میلی حاجیاوا ئارومێروی تێدایە

964+

مەجید بتوێنی – راپەڕین

ڤیدیۆ

پێش هەڵهاتنی تیشکی خۆر بەڕێکەوتین بۆ بازاڕێک کە هەمووان رووی تێدەکەن، بازاڕێکی میلییە لە ناوەڕاستی قەزای حاجیاوا، ئەوەی دەبیندرێت پارککردنی سەدان ئۆتۆمبێلە کە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون، بە تایبەتی رۆژانی هەینی جمەی دێت وەک لە کوردەواریدا دەوترێت سەری ئارومێروی لێیە.

خدر باپیر، دوکاندارێکی بازاڕەکەیە بە 964+ی وت، “بە بیرم دێت، ئەم بازاڕە لەگەڵ حاجیاوا پێکەوە دروست بوون، کە ٣٤ ساڵ لەمەوبەر دەکات، ئەوکاتە بە کەپر و حەسیر بوو”.

ئەو بازاڕە جگە لەوەی بووەتە شوێنێک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی ژیان، هاوکات دەرفەتی کاری بۆ دەیان خێزان رەخساندووە بەتایبەت دەستگێڕەکان، چونکە بووەتە شوێنێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان، بۆ نمونە سەروان محەمەد لە ئاکرێوە هاتووە برنجی کوردی دەفرۆشێت.

ئەگەر لە ئاسمانەوە سەیری بازاڕەکە بکەی خەڵکی پۆل پۆل لە شوێنی جیاجیا کۆبوونەتەوە، هەر کۆبوونەوەیەک بازاڕێکی تایبەتە، بازاڕی میوەفرۆشان، جلوبەرگ، هەراجی کەلوپەلی ناوماڵ، باڵندەکان، مریشک و کەڵەباب و قەل وقاز و کەو زۆرترین کڕیاریان لە دەور کۆدەبێتەوە.

زۆرترین وشە لێرە گوێت لێیان بێت بریتین لە “وەرەبابە و هەڕاجە” بەیانیان زوو لەگەڵ هەڵهاتنی تیشکی خۆر هاوڵاتیان روو لە بازاڕەکە دەکەن تاوەکو کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ چۆڵ دەبێت .

هەڵکەوتەی جوگرافی بازاڕی مەیدانی قەزای حاجیاوا کەوتووەتە ناوەڕاستی دوو ناحیە و نزیکە لە شاری رانیە، جگە لە هاوڵاتیانی ئیدارەی راپەڕین بەشێک لە هاوڵاتیانی دۆڵی خۆشناوەتی و قەزای کۆیە روو لەو بازاڕە دەکەن.