کەی یەکەم فڕۆکە دەڕوات؟
ئەزمەڕ ئێر: سلێمانی و تورکیا هەفتانە چوار گەشتیان دەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رۆژی 2.11.2025 کاتژمێر 10:30ی شەو هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین، یەکەم گەشتی خۆی لە فرۆکەخانەی ئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەست پێدەکاتەوە.
رۆژی 3.112025، کاتژمێر 1:10 ی بەرەبەیان یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکش ئێرلاین دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی، گەڕانەوەی گەشتەکە بۆ فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ لە رۆژی 3.11.2025، کاتژمێر 2:40ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات و 5:40 ئێوارە دەگاتە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ.
ئەزمەڕ ئێر، کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، لەسەرەتای گەشتەکانەوە لە هەفتەیەکدا بە چوار ڕۆژ دەستپێ دەکاتەوە، “هەینی، شەممە، دووشەممە، سێشەممە”، لە بوونی هەر گۆڕانکاریەک لە گەشتەکاندا ئاگادارتان دەکەینەوە.
رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانیى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکەی ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیا بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات، کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات.
سەرەتا بۆ ماوەى مانگێک گەشتەکان راگیران، بەڵام دواتر دوو جاریکى دیکە گەشتەکان درێژکرانەوە، لە جارى یەکەمدا بۆ 10ـى تەمموزى 2023 و لە جارى دووەمیش بۆ 22.6.2024 قەدەغەکە درێژکراوەتەوە، جارى سێیەمیش، تا 7.12.2024، درێژکراوەتەوە.
جارى چوارەم لە 6.1.2025، تورکیا قەدەغەى گەشتەکانى تاکو شەش مانگى دیکە درێژکردەوە.
پێشتر لە 29.9.2017 و دواى ریفراندۆم، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانى بەڕووى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و سلێمانیدا داخست، دواتر لە تەممووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت، بەڵام گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە و 16 مانگ دواتر قەدەغەکە هەڵگیرا.
بەم شێوەیە لە 2017ـەوە تا ئێستا، جگە لە وەستانى گەشتەکان بەهۆى کۆرۆناوە، زیاتر لە 46 مانگ تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانیدا داخستووە.