لە ئیسكان هەڵڵایە
هاندەرانی وەرزشی لە هەولێر چاوەڕێی بردنەوەی عێراقن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەمشەو كاتژمێر 9:45 خولەك یاریی لووتكە و یەكلاكەرەوەی نێوان عێراق و سعودیە لە پلەی ئۆفی پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە مۆندیال بەڕێوەدەچێت، هاندەرانی وەرزشی و هاوڵاتیان لە هەولێر چاوەڕێی یارییەكە و ئەنجامەكەی دەكەن.
پەیامنێری 964 لە شەقامی ئیسكان وێنەكانی گواستەوە، كە حەشاماتی هاندەران شەقامەكەی جەنجاڵ كردووە و هەمووان بە دیار شاشەی تیڤیی چایخانەكانەوە دانیشتوون و چاوەڕێی یارییەكە دەكەن.
رەوەند فەقێ، هاندەرێكی وەرزشییە و بۆ 964 دەڵێت، “حەزدەكەین عێراق بیباتەوە، بەڵام زەحمەتە و سعودیە بە دوو چانسی بەرامبەربوون و بردنەوە یاریی دەكات”.
هەروەها بڕیار ئەمیر دەم و دەست بە دوعایە بۆ هەڵبژاردەی عێراق و دەڵێت یاریزانە كوردەكانیش یاریی دەكەن و ئینشائەڵا عێراق دەگاتە مۆندیال.
یارییەكە یەكلاكەرەوەیە و عێراق دەبێت تەنیا بیباتەوە، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بۆ مۆندیالی 2026 سەركەوێت، بەڵام سعودیە بە یەكسانبوونیش ئەو دەرفەتەی بۆ دەڕەخسێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا