گرووپ و هاشتاگیان داناوه‌

هه‌ڵمه‌تی پۆشینی جلی كوردی له‌ زانكۆی راپه‌ڕین ده‌ستیپێكرد

دەریا محەمەد – راپەڕین

بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین له‌ رانیه‌ بە جلی کوردییەوە رۆیشتنە هۆڵەکانی خوێندن و بۆ فراوانكردنی كاره‌كه‌ش گرووپ و هاشتاگ له‌ لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ دانراوه‌.

هێرش ئیدریس، خوێندکاری زانکۆی راپەڕین، هەستاوە بە دروستکردنی گرووپێک بەناوی “ڕەسەنکار” و داواش لە خوێندکارانی زانکۆکە کرابوو ئەمڕۆ چوارشەممە 21.10.2026 بە جلی کوردی بچنە هۆڵەکانی خوێندنه‌وه‌، بەشێک لە خوێندکارانیش بە جلی نەتەوەیی دەوامی ئاسایی خۆیان بەڕێکرد.

وه‌ک هێرش ئیدریس بۆ 964 باسی ده‌كات، ئامانجی كاره‌كه‌یان پاراستنی شووناس و کولتووری کوردییە لە رێگەی پۆشینی جلی کوردی و نامۆنەبوونی جلە کوردییەکان بە رۆژانی ئاسایی دەوام.

ئه‌و خوێندکاری بەشی یاسایە و ده‌ڵێت: لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنمدا لە زانکۆ تێبینی ئەوەم کرد خوێندکاران جلی کوردی لەبەرناکەن، بۆیە بڕیارمدا گرووپێک دروستبکەم بەناوی گرووپی رەسەنکار، ئامانجیش لە دروستکردنی گرووپەكه‌ گەڕاندنەوەی جلوبەرگی کوردی بۆ ناو زانکۆکان، خوێندکار و مامۆستاکانیش بە هانای داواکارییەکەوە هاتن و ئەمڕۆ جلی کوردییان لەبەرکردووە.

وتیشی: هەر کەسێک هەستی نەتەوایەتی هەبێت جلوبەرگی کوردی ناڕەحەتی ناکات و دڵخۆشیش به‌ پۆشینی.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین، بە 964یان راگەیاند: سەرۆکایەتیی زانکۆ هەمیشە هانی خوێندکاران و مامۆستایانیان داوە بۆ چالاکی نەتەوەیی و کولتووری لە حەرەمی زانکۆ و ئازادن هەر رۆژێک بیانەوێت بە جلی کوردییەوە بێن بۆ دەوامی ئاسایی خۆیان.

له‌ زانكۆی ئاكرێش له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ بڕیاردراوه‌، رۆژانی دووشه‌ممه‌ خوێندكاران، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆكه‌ به‌ جلی كوردی ده‌وام ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاره‌كه‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و به‌زۆر نییه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا