وەزارەتی داد سەرقاڵی ئەوەیە

دیداری ئەلیکترۆنی بۆ سزادراو و کەسوکاریان رێکدەخرێ

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق تیمەکانی راسپارد، تا هەرچی زووترە کارێک بکەن، کارەکانی پەیوەندی و دیداری ئەلیکترۆنی لە نێوان سزادرا و کەسوکاریان رێکارەکانی تەواو بکرێن.

سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ ئەو مەبەستە.

لە راگه‌یەندراوێكی وەزارەتەکەدا کە 964 بینیویەتی باس لەوەکراوە، وەزیری داد ئەمڕۆ لە باڵەخانەی وەزارەت کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا کە کارگێڕانی فەرمانگەی چاکسازی عێراقی لەخۆگرتبوو، بۆ بەدواداچوونی رێنماییەکانی پێشوو و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کارەکانی تایبەت بە لایەنە ئەمنی و تەندروستی و کارگێڕییەکان، جگە لە پڕۆگرامەکانی چاکسازی کە بۆ سزادراوان ئاڕاستە دەکرێن.

بەپێی راگه‌یەندراوه‌كه‌، وەزیری داد باسی لە پێویستی خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ دیداری دوور لە نێوان سزادراوان و کەسوکاریان، چونکە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە لە ئاسانکردنی ڕێکارەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خێزانەکانی سزادراوان،” و جەختیشی کردەوە “لەسەر گرنگی ئامادەکردنی تەواوی پێداویستییە لۆجستی و تەکنیکییەکان بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پڕۆژەکە.

دەشڵێ، وەزارەتەکەی گرنگییەکی تایبەت بە پەرەپێدانی ژینگەی کارکردن لە ناو دامەزراوە چاکسازییەکان دەدات، لە ڕێگەی پەسەندکردنی چارەسەرە تەکنەلۆژییەکانەوە کە ڕۆڵیان هەیە لە بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان و بەدیهێنانی پێوەرەکانی چاکسازی مۆدێرن.

بەپێی راگه‌یەندراوه‌كه‌، وەزیری داد ررێنمایی دا بۆ بەڕێوەبردنی خولەکانی چڕی تایبەتمەند بۆ بەڕێوەبەرانی زیندانەکان و جێگرەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ، کارگێڕی و ئاسایشدا، بە ئامانجی پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیان و بەهێزکردنی تواناکانیان لە مامەڵەی پیشەیی و مرۆیی لەگەڵ سزادراوان.