بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی:
زیادکردنی موچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت لە هەرێم کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
کەمترین موچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بۆ 500 هەزار دینار زیادکرا و بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، بۆ موچەی مانگی نۆ بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی حکومەت بۆ زیادکردنی موچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەریوان بەگۆک دەڵێت: ئەو خانەنشینانەی پێشتر موچەکانیان لەنێوان 150 هەزار بۆ 400 هەزار دینار بوو، ئێستا موچەکانیان بووەتە 500 هەزار دینار و موچەی مانگی ئەیلول (مانگی نۆ) بەو شێوەیە وەردەگرن.
“ئەو کەسانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە ژمارەیان 350 هەزار کەسە و 225 هەزار کەسیان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا تۆمارکراون و ئێستا کەمترین موچەیان 500 هەزار دینارە،” مەریوان بەگۆک وای وت.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان یاسای خانەنشین بوون بۆ پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵیدایە و بۆ ژنانیش لە تەمەنی 55 ساڵیدایە، کە دەبێت هەر کامیان ماوەی 20 ساڵ خزمەتیان هەبووبێت.