دوای 38 ساڵ چاوەڕوانی، داوای ئاوەدانکردنەوە دەکەن
دانیشتووانی گوندی سەرتەنگێی سێمێل مانیان گرتووە و خێمەیان هەڵداوە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
ماوەی 11 رۆژە دانیشتووانی گوندی سەرتەنگێ لە سنووری قەزای سێمێل، خێمەیەکیان لە شوێنی گوندە رووخاوەکەیان هەڵداوە و مانیان گرتووە، داوا دەکەن گوندەکەیان ئاودان بکرێتەوە، کە ماوەی 38 ساڵە وێران کراوە.
گوندی سەرتەنگێ یەکێکە لەو گوندانەی کە لەسەر دەمی رژێمی بەعسدا رووخێنراوە. سەرەڕای ئەوەی هەموو گوندەکانی دەوروبەری ئاوەدانکراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا رێگە بە ئاوەدانکردنەوەی ئەم گوندە نەدراوە.
عومەر بیبۆ، نوێنەری دانیشتووانی گوندەکە، بە 964ـی راگەیاند: “ماوەی 11 رۆژە لەسەرەتای گوندەکەمان خێمەمان هەڵداوە و شەوە و رۆژ لێرەین، تا کێشەکەمان چارەسەر نەکرێت، خێمەکەمان لێرە دەمێنێتەوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی دانیشتووانی گوندەکە فەرمانبەری حکومەت و پێشمەرگەن و بەشێوەی شەفت ئامادەییان دەبێت بۆ ئەوەی مانگرتنەکە بەردەوام بێت و وتیشی، “هەموو گوندەکانی دەوروبەرمان ئاوەدانکراونەتەوە، بەڵام تەنیا رێگە بە ئێمە نەدراوە خانووەکانمان دروست بکەینەوە.”
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد عەلی، موختاری گوندی سەرتەنگێ، بۆ 964 دوا و وتی: “چەندین ساڵە تەنیا گوندی ئێمە ئاوەدان نەکراوەتەوە، چەند جار سەردانی قایمقامیەتی سێمێل و پارێزگای دهۆکمان کردووە، بەڵام جگە لە بەڵێنی بەدواداچوون، هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە.”
موختاری گوندەکە جەختی کردەوە، “ئێمە لێرە دەمێنینەوە و خێمەکەمان لانابەین تا ڕێگەمان پێدەدەن گوندەکەمان دروست بکەینەوە یان قەرەبوومان دەکەنەوە.”
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964، نرخی یەک مەتری چوارگۆشەی زەوی لە گوندی سەرتەنگێدا لە ئێستادا بە نزیکەی هەزار دۆلار (10 وەرەقە) دەخەمڵێنرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر