خاوەنی 7 کتێبیشە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئەڵمانی
ئەمشەو تەرمی “یەکەم ژنە شۆفێرەکەی هەولێر” دەگاتەوە هەرێمی کوردستان
فەرهاد حەسەن
ئەمشەو تەرمی “یەکەم ژنە شۆفێرەکەی هەولێر” دەگاتەوە هەرێمی کوردستان و بنەماڵەکەشی سەرجەم خزم و دۆستانیان لە کات و ساتی گەیشتنەوەی تەرمەکە ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی ئەو ئاگاداریەی کە بنەماڵەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئەمشەو شەممە لەسەر یەکشەممە کاتژمێر 1:40 خولەک بەکاتی هەرێمی کوردستان تەرمی (د. سامیە شاکر سادق) لە ئەڵمانیاوە دەگاتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل، دواتر دەبرێتە ماڵی خۆی لە گەڕەکی شۆڕش، لە کاتژمێر 9:00 ی سەرلەبەیانیش بەرەو ئارامگەکەی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەرێدەکرێت و لەوێ لە نزیک ئازیزانی بەخاک دەسپێردرێت .
پرسەی ژنان لە ماڵی کۆچکردوو لە گەڕەکی شۆرش بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەدەچێت و پرسەی پیاوانیش لە مزگەوتی جەلیل خەیات دەبێت .
رۆژی 6.5.2026 د. سامیە شاكر مەشخەڵ یەکەمین ژنەشۆفێری هەولێر، لە وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و بەختیار شەعبی، هاوڕێ و کەسی نزیکی د. سامیە بە 964 ی وتبوو، “لە شەستەکان یەکەمین ژن بووە لە هەولێر شۆفێری کردووە و بووەتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێریش.
باسی لەوەشکرد، ئەوکات کە شۆفێری کردووە سەیارەیەکی جۆری ڤۆڵگای رووسی هەبووە و کاتێک لێیخوڕیوە منداڵان بەدوای کەوتوون چونکە پێیان سەیر بووە ژنێک سەیارە لێبخوڕێت.
لایخۆشییەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەکان لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، د. سامیە شاکر چاوشلی، مامۆستای زانکۆ، شاعیر و نووسەر دوای تەمەنێک لە خزمەتکردن بە بوارەکانی ئەدەب و رۆشنبیری و بواری ئەکادیمی، کۆچی دوایی کرد.
نموونەیەکی باڵای تێکۆشان و بوێری و سەرمەشقبوون بوو، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئەڵمانی حەوت کتێبی بەچاپ گەیاندووە.