داوایان کرد بە فەرمى لە دەستوردا بچەسپێت
قوتابیان و خوێندکارانى رۆژئاوا بۆ پاڵپشتى لە زمانى دایک گردبوونەوە
گەرناس مەعۆ- رۆژئاوا
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمیی قوتابخانەکانیان، شاری عامودا لە رۆژئاوای کوردستان بووە گۆڕەپانی خۆپێشاندانێکی جەماوەریی سەدان قوتابی و خوێندکار و دایبابان کە بە دڵسۆزییەوە رژانە سەر شەقامەکان بۆ داکۆکیکردن لە زمانی دایک وەک ناسنامەیەکی مێژوویی و نەتەوەیی.
بە کوردی قسە بکە، بە کوردی بنووسە، بە کوردی بخوێنە
قوتابیان بە بەرزکردنەوەی دروشمی “بە کوردی قسە بکە، بە کوردی بنووسە، بە کوردی بخوێنە”، پەیامێکی روونیان ئاراستەی ناوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پاراستنی زمانەکەیان هێڵی سوورە و بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوویان.
قوتابیان لە رێگەی لافیتە جۆراوجۆرەکانیانەوە، داوایەکی سەرەکییان خستە روو کە ئەویش چەسپاندنی زمانی کوردییە وەک زمانێکی فەرمی و پاراستنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی سووریادا