مانگی رابردوو 4000 کتێب خوێندراوەتەوە

لە چاکسازی گەورانی هەولێر رۆژانە لانیکەم 65 سزادراو کتێب دەخوێننەوە

فەرهاد حەسەن

چاکسازی گەورانی هەولێر دەلیت، هەوڵێکی بەردەوامیان هەیە بۆ پشتگیری لە پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدانی توانا فکرییەکان، بۆ ئەمەش وایان کردووە سزادراوان روو لە خوێندنەوەی کتێب  بکەن و رۆژانە لانیکەم 65 سزادراو کتێب دەخوێننەوە.

لەناو چاکسازیەکەی هەولێر کتێبخانەیەکی گەورە هەیە بە شێوازێکی مۆدێرن ئامادەکراوە و  نۆ هەزار و 653 کتیبی بە شەش هەزار و 477 ناونیشانی جیاواز لەخۆگرتووە، کە بریتین لە ئایینی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی.

بەپێی دوایین ئامار کە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر بلاویکردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوو (نیسان) دا زیاتر لە دوو هەزار کتێب لەلایەن سزادراوانەوە خوێندراوەنەتەوە، دەڵێت “ئەمە نیشانەی هەڵکشان و ئاراستەبوونیان بۆ خوێندن و زانیارییە”.

ئاماژەی بەوەشکراوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەدا، چەندان خول و چالاکی خوێندنەوە بۆ سزادراوان رێکدەخرێت و هەر سزادراوێک دەتوانێت بە ئازادی داوای هەر کتێبێک بکات، دوای تەواوبوونی خوێندنەوەش، کتێبەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ کتێبخانە تاوەکو زۆرترین کەسان سودمەند بن.

جێگای ئاماژەیە ژووری کتێبخانە لەلایەن هۆبەی توێژینەوەی بەرێوەبەرایەتیەکەوە بە شێوەیەکی ڕێک و سیستەماتیک سەرپەرشتی دەکرێت.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی گشتی بەرێوەبەرایەتی بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی چاکسازیی گونجاو و ئامادەکردنی سزادراوان بۆ گەڕانەوەی باشتر بۆ ناو کۆمەڵگا.