"بۆ پاراستنی دۆخی کەشتیوانییە"

بەریتانیا کەشتیگەلی زەبەلاحی “دارگۆن” دەنێرێتە تەنگەی هورمز

فەرهاد حەسەن

بەریتانیا بڕیاریدا کەشتیگەلی سەربازی “دارگۆن” بنێرێتە ئاوەکانی تەنگەی هورمز و دەڵێت مەنەستی بناردنەکەی بۆ پاراستنی دۆخی کەشتیوانییە لە ناوچەکە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە کەشتیگەلی Dragon ی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێخستووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردنی لە پاراستنی دۆخی کەشتیوانی ناوچەکە ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوامی گرژییە سەربازییەکانی پەیوەست بە ئێران لەو ناوچەیە لە ئارادایە.

دراگۆن یەکێکە لە دیارترین کەشتیگەلە بەناوبانگەکانی بەریتانیا، تایبەتمەندە لە بەرگری ئاسمانی و رێگریکردن لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی سی ڤایپەر و راداری دوورمەودای تێدایە، ئەم کەشتییە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرا بۆ پاراستنی بنکەکانی بەریتانیا لە قوبرس دوای هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.

وەزارەتی بەرگری دەڵێت، ناردنی کەشتییەکە بەهاوکاری فەڕەنسایە بۆ ئەوەی جوڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز مسۆگەر بکات، ئەم هەنگاوەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە قەیرانەکان لە تەنگەی هورمز بەرەو هەڵکشان دەچێت، دوای داخستنی هورمز و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئێران کە دواتر ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران جێبەجێکرا.

ماوەی چەند هەفتەیەکە لەندەن و پاریس کار لەسەر ئامادەکردنی هێزێکی دەریایی ئەوروپی “بەرگری و سەربەخۆ” دەکەن بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە کەنداو، بەدوای بژاردەکاندا دەگەڕێن کە بریتین لە جێگیرکردنی کەستیگەل و فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوانی مین پاککەرەوە.

فەرەنسا پێشتر لە چەند رۆژی رابردوودا کەشتی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل و چەند کەشتییەکی جەنگی دیکەی بۆ ناوچەکە جێگیرکردبوو، ئەمەش وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ هەر ئەرکێکی داهاتوو کە پەیوەندی بە ئاسایشی تەنگەی هورمزەوە هەبێت.