ئاسایشی هەولێر دەستگیری کرد

ترس و دڵەڕاوکێی لەناو دانیشتوانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بڵاودەکردەوە


شانیا بێستون

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، هەستاون بە دەستگیرکردنی کەسێک، کە ئیشوکاری دروستکردنی مەترسی و دڵەراوکێ بووە لە دڵی دانیشیتوانی یەکێک لە پرۆژە نیشتەجێبوونەکانی ئەو شارە.

تۆمەتبارەکە، هەستاوە بە بەکارهێنانی چەک، نارنجۆک و سەگی پۆلیسی جۆری (K9) بۆ ترساندنی دانیشتووانی نێو پرۆژەکە.

دانیشتوانی پرۆژەکە دەستەوەستان و بێدەنگیان نەکردووە و ئاسایشی هەولێریان لە رووداوەکە ئاگادارکردۆتەوە، ئەوانیش دوای بەدواداچوون بۆ بابەتەکە، کە بۆیان روونبووەتەوە کە کەسی تۆمەتبار ئەوکارەی کردووە، دەستبەجێ لەلایەن تیمی تاوانی بەڕیوەبەرایەتیەکەیانەوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (گ،ع،أ)یان دەستگیریان کردووە.

ئاسایش دەڵێت، ئەو تۆمەتەی تۆمەتبارەکەی پێ دەستگیرکراوە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتە، چونکە دەستیان بەسەر ئەو  چەکەشدا گرتووە کە لەلای بوو.