ئاژانسی بلومبێرگ:
داخستنی تەنگەی هورمز رۆژانە 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە جیهانی دابەزاندووە
فەرهاد حەسەن
ئاژانسی بلومبێرگ لە شیکارییەکی ئابووریدا ئاشکرای کردووە، کۆی ئەو نەوتەی جیهان کە رۆژانە بەهۆی بارودۆخی تەنگەی هورمزەوە دابەزیوە نزیکەی 4.8 ملیۆن بەرمیلە، پێشبینیش ناکرێت باکردنەوەی تەنگەی هورمز وابەئاسانی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی بلومبێرگ، شەڕی ئێران خەریکە عەمبارکردنی نەوتی جیهانی لەباردەبات، چونکە لێشاوی نەوتی خاو لە کەنداو دوای داخستنی تەنگەی هورمز سنووردار بووە.
دەڵێت، لە نێوان 1.3.2026 تاوەکو 25.4.2026، نەوتی عەمبارکراوی جیهانی نزیکەی 4.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە و کۆگای نەوتی جیهانی لەوەتەی ساڵی 2018 ەوە لە نزمترین ئاستی خۆی دەبیندرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر تەنگەی هورمز بشکرێتەوە، پێناچێت بەم زووانە بەرهەمهێنان و کەشتیوانی کەنداو بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، واتە بەکارهێنەرانی سووتەمەنی رەنگە ناچاربن سوود لە یەدەگی ستراتیژی خۆیان وەربگرن.