سەبارەتی بە رووداوی گەشتیارەکان
ئیدارەی گەرمیان: داوای لێبوردن دەکەین
توانا نەقی
هێشتا کاردانەوەی گێچەڵی ماتۆڕسوارەکانی کەلار بۆ سەر گەشتیاران بەردەوامە و ئیدارەی گەرمیان داوای لێبوردن لەو گەشتیارانە دەکات و دەڵێت ئەوە لە خەڵکی کەلار ناوەشێتەوە بەرامبەر بە میوان.
ئیدارەی گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لە رووداوێکی نەخوازراودا، چەند گەنجێک لەناو شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە ماتۆڕسکیل رێگە لە پاسێکی گەشتیارانی پارێزگاکانی عێراق دەگرن و هێرشیان دەکەنەسەر، لێرەوە رایدەگەیەنین کە ئەو کارەی کردوویانە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە و هەڵسوکەوتێکی شەخسی خۆیان بووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جۆرە کارانە زۆر نەشیاون و دوورە لە کلتوری شاری کەلار و گەرمیان لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە بە میوان دۆست ناسراون، تا ئێستاش سەرەڕای ئەوەی رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە کەلارەوە هاتوچۆ دەکەن رووداوی وەها نەبووە.
ئیدارەی گەرمیان بە راشکاوانە دەڵێت، داوای لێبوردن دەکەن لەو خوشک و برایانە کە لە پاسەکە بوون و دڵنیایی دەدەن بەهەمووان کە هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی لەو جۆرە رووناداتەوە چونکە ئەوە لەنەریت و کەرەمی گەرمیانییەکان ناوەشێتەوە.