وەفای خوشكێك بۆ براكانی
40 ساڵە مردووە و هێشتا بە کوڵ بۆی دەگری
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
نەزیرە ئیبراهیم، ژنێكی خاوەن وەفا و ئەمەكە، مەرگ خۆشەویستی دوو براكەی لە دڵدا نەگۆڕیوە و سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانێكی زۆر، رۆژانی هەینی دەچێتە گردی سەیوان و تا سەردانی گۆڕی براكانی نەكات، دڵی ئۆقرە ناگرێت.
نەزیرە ئیبراهیم كە لە نێوان گۆڕی هەردوو براكەی دانیشتووە و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، “ماوەی 40 ساڵە، هەموو هەینییەك سەردانی گۆڕی برا گەورەكەم دەكەم و برایەكی دیكەشم 15 ساڵە كۆچیكردووە و سەرم لێنەبڕیووە، وەفا و خۆشەویستی هەردوو براكەم وایلێكردووم پاش تێپەڕبوونی چوار دەیە لە تەمەن، هێشتا بێتاقەت نەبم لەسەردانیكردنیان و بەهاتنم بۆ لایان هەست بەئارامی دەكەم.
وەك خۆی باسی دەكات، بە مردنی براكانی پشتی شكاوە، برا گەورەكەی لە شەڕی عێراق – ئێران، گیانی لەدەستداوە و ئەوەندەی ئەم خوشكەی خۆشویستووە سەرەڕای قورسی ژیانی خۆی، موچەی یەكەمی پێشكەشی خوشكەكەی كردووە و نەگەیشتووە بە موچەی دووەمی لەشەڕەكە گیانی لەدەستداوە.
دەشڵێت، برا بچوكەكەی پێش ئەوەی بە نەخۆشی گیانلەدەست بدات، لەكاتێكدا توشی ناڕەحەتییەك هاتووە بۆ دیدەنی لەهەولێرەوە بەدرەنگانی شەو خۆی گەیاندووەتە لای بۆ سلێمانی، بۆیە ئەو باشییانەی براكانم لەبەرچاوە و تا دەمرم لەبیریان ناكەم و بیرەوەرییەكانیانم هەمیشە لەبەرچاو لاناچێت.
“زۆرجار خەڵكی پێمدەڵێن براكەت 40 ساڵ پێش ئێستا گیانی لەدەستداوە، بۆ وا خۆت پەرێشان دەكەیت، بەڵام ئەوان هەر ئەوە دەبینن و ئاگاداری چاكە و رێز و خۆشەویستی براكانم نەبوون بۆ ئێمە” نەزیرە ئیبراهیم وای وت.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح