هەر کۆڵانێکی کۆیە بگەڕێی تانکەرێک ئاوی تێدایە

بەنزین ئاویشی بەخۆیەوە گران کرد؛ تانکەرەکان بەرناکەون

دەریا ئەحمەد – کۆیە

کەمی بەنزین و گرانییەکەی، ئاویشی گران کرد، ئەوەتا لە کۆییە هەر تانکەرێک ئاو بووەتە 15 هەزار دینار و لەم گەرمایەشدا هاوڵاتیان بە هەر نرخێک دەستیان کەوێ ناچارن بیکڕن.

سەردار قاسم شۆفێری تانکەری ئاوە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “رۆژانە نزیکەی 30 تانکەر لە کۆیە ئاو دەگەیەننە هاوڵاتیان، هەریەکەمان نزیکەی 15 تەلەفۆنمان بۆ دێت و شەو و رۆژ سەرقاڵین”.

“هاوڵاتیان بەردەوام گلەیی و گازندەی کەم ئاوییان هەیە و بە سەعات دەبێ چاوەڕێ بکەن تا تانکەرێکی ئاویان پێبگات”، سەردار قاسم وادەڵێت.

لەسەر ئەو بابەتە پەیامنێری 964 قسەی لەگەڵ هۆگر کەیفی بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە کرد، ئەو دەڵێت، “ئەم ماوەیە رووبەڕووی چەندین گرفتی تەکنیکی بووینەتەوە لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە، بەهۆی دواکەوتنی نەسریەی مانگانەوە، بەقەرز گرفتەکانمان چارەسەر کردووە و نەمانهێشتووە شارەکە بێ ئاو ببێت، بەڵام ئەوەی هەیە کە فشاری ئاو کەمبۆتەوە و وەک پێویست ناگات بە هەموو ماڵەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پڕۆژەی هێڵی دووەمی ئاوی بۆگد ــ کۆیە جێبەجێ بکرێت، بۆ 30 ساڵی داهاتوو دانیشتووانی کۆیە لەخەم دەڕەخسێن و لە بێ ئاویی رزگاریان دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری