بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ هەموو نمرەکانی 100 بێت
نما دەرچووە بۆ پۆلی دووی سەرەتایی و کوردییەکەشی باش نییە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
نما داستان قوتابییەکی خوێنشیرینە و دەرچووە بۆ پۆلی دووی سەرەتایی، وەک خۆی دەڵێت، لە کوردیا باش نەبووە و کەمی هێناوە، بەڵام بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ، لە هەموو دەرسەکانی نمرەی 100 بهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17.9.2025 لە سلێمانی هەزار جانتا بە پێداویستییەکانی قوتابخانەوە بەخشرایە هەزار منداڵ کە لەلایەن رێکخراوی خێرخوازی هاناوە دابین کرابوون.
پەیامنێری 964 چووەتە رێوڕەسمەکە و ژمارەیەک قوتابی چاوگەشی دواندووە کە یەکێک لەوانە نما داستانـە، ئەو دەڵێت، “پۆلی یەک بووم و دەرچووم بۆ دوو، زۆر زیرەک بووم و لە هەموو دەرسەکانا باش بووم، بەڵام لە کوردیا تۆزێک کەمم هێنابوو”.
نما خوشکە بچوکەکەشی لەگەڵ خۆی بردبوو، بەڵام کاتێک گۆرانی بۆ پەیامنێری 964 وت، خوشکەکەی چەپڵەی بۆ لێنەدا و وتی، “تاقەتم نییە، دەستم ژان ئەکا”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری