قایمقامی رواندز به‌دواى پۆندی ئاودا ده‌گه‌ڕێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

قایمقامی قه‌زاى رواندز، له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكی په‌یوه‌ندار دۆڵى ئاكۆیان ده‌گه‌ڕێت، بۆئه‌وه‌ى شوێنى شایسته‌ بۆ ئه‌و پۆنده‌ ئاوانه‌ ده‌ستنیشان بكات كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ى پێویستیان به‌دروستكردنیه‌تى.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕى 964، تا ئێستا هیچ پۆندێكی گلدانه‌وه‌ى ئاو له‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی سۆران، كه‌ قه‌زاى رواندز له‌ سنووره‌كه‌یه‌تى دروستنه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌و پلانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌  هه‌یه‌تى و له‌و دابه‌شكارییه‌ى كه‌ بۆ دروستكردنى پۆند له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردۆته‌وه‌، ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانى تێدا نیه‌.

ئه‌حمه‌د قادر حه‌مه‌دئه‌مین قایمقامی قەزای رواندز، به‌ تۆڕى 964ـى راگه‌یاند “دۆڵی ئاكۆیان پێویستی بە سەرچاوەی ئاو هەیە، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و سنووره‌مان ده‌ستنیشانكرد كه‌ شوێنى شایسته‌ى بۆ دروستكردنى ئه‌و پۆنده‌ ئاوانه‌ لێ بدۆزینه‌وه‌” چونكه‌ پێیوایه‌، جێبەجێكردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە كاریگەری گەورە بۆ زیادكردنی ئاو دروستدەكات.

قایمقامى رواندز “چونكه‌ سنووره‌كه‌مان ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی و كشتوكاڵییه‌ بۆیه‌ ئه‌و پۆندانه‌مان پێویسته‌”

قایمقامى رواندز ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ دروستیكردنى پۆند له‌و سنووره‌، گرنگی تایبه‌تى ده‌بێت بۆ زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی، بەخێوكردنی مەڕوماڵات، كشتوكاڵی و گەشتوگوزار، وتیشی “چونكه‌ سنووره‌كه‌مان ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی و كشتوكاڵییه‌ بۆیه‌ ئه‌و پۆندانه‌مان پێویسته‌”.

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 118 پۆند لەسەر رووبەری 479 هەزار و 364 دۆنم دروستکراون، کە توانای گلدانەوەى 22 ملیۆن و 613 هەزار و 215 مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە 28 ملیار و 788 ملیۆن و 376 هەزار و 278 دینار. به‌م دواییانه‌ش بڕیار لەسەر دروستکردنى 41 پۆند دراوە، کە هەندێکیان جێبەجێ کراون و هەندێکى دیکەیشیان بڕیارە بەمزووانە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.