کەچوون بزانن

خانووبەرەی سلێمانی تەنیا مامەڵە لەگەڵ کارتی نیشتمانی دەکات

ئەحمەد مستەفا

تۆماری خانووبەرەی سلێمانی، کارکردن بە بەڵگەنامە کۆنەکان رادەگرێت و کارتی نیشتمانی دەکات بە پێوەر بۆ سەرجەم مامەڵەکان.

لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، لە سبەینێ دووشەممەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت.

بە گوێرەی هەمان راگەیەندراو، ئەمڕۆ یەکشەممە 30.8.2026، دوا رۆژی کارکردنە بە رەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لە سبەینێ دووشەممەوە، مامەڵەی هاوڵاتییان تەنیا بە کارتی نیشتمانی ئەنجامدەدرێت و کارکردن بە بەڵگەنامە کۆنەکان رادەگیرێت.

راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە وەکخۆی:

پاڵپشت بە راسپاردەی دەستەی راوێژکاریی هەمیشەیی لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان (١٤٦٣ لە ٢٠٢٦/٠٢/١٦) کە بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە (٣٩٨٦/١١ لە ٢٠٢٦/٠٧/٠١) گشتاندنی پێکراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٠٢٦/٠٨/٣٠) دوا رۆژی کارکردنە بە رەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی لە بەڕێوەبەرایەتیماندا، ئیدی لە سبەینێوە (٢٠٢٦/٠٨/٣١) تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت.